سوپای پاسدارانی ئێران هێزێكی زۆری بە چەكی قورسەوە بردووەتە مەهاباد و سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، بۆ سەركوتكردنی خۆشپیشاندانەكانی ئەو شارەیە، عەلی كەریمی یاریزانی دیاری پێشووی هەڵبژاردەی ئێرانیش داوا لە خەڵكی شاروشارۆچكەكانی ئێران دەكات بە هانای خەڵكی مەهابادەوە بچن.
سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوە دەكەن، سوپای پاسداران هێزێكی زۆری بە چەكی قورسەوە بردووەتە شاری مەهاباد، ئامانجی ئەو كارەش بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی ئەو شارەیە.
بەپێی زانیاریەكانی ئەو سەرچاوانە، شەوی رابردوو دەنگی تەقەیەكی زۆر لە مەهاباد بیستراوە و بەردەوام بووە و كارەبای شارەكە بڕدراوە، بەڵام ناڕەزایەتییەكان نەوەستاون و بەردەوام بوون، رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش هۆشداری لە ئەنجامدانی كوشتارگە و كۆمەڵكوژی لەو شارە دەدەن.
لای خۆیەوە عەلی كەریمی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئێران كە یەكێكە لەو كەسایەتییانەی بەردەوام پشتگیری ناڕەزایەتییەكان دەكات، لە تۆڕی ئینستاگرام بڵاویكردووەتەوە، داوا لە خەڵكی شار و شارۆچكەكانی ئێران دەكات بەهانای خەڵكی مەهابادەوە بچن و ناڕەزایی دەرببڕن و خۆپیشاندان بكەن.