وڵاتانی رۆژئاوا و چالاكڤانان: بڕوامان بە هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ڕەوشت نییە

وڵاتانی رۆژئاوا و چالاکڤانانی ئێرانی رەتیدەکەنەوە ئێران بە شێوەیەکی راستەقینە پۆلیسی رەوشتی هەڵوەشاندبێتەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە، “هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر مافی ژناندا نەهاتووە.” 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوای مانگرتنی سەرتاسەری کرا، ئەوەش دوای نزیکەی سێ مانگی پڕ لە خۆپێشاندان کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیانپێکرد.

پۆلیسی رەوشتی ئێران کچە کوردە تەمەن 22 ساڵەکەی لە تاران بە تۆمەتی “نەبەستنی سەرپۆش بەشێوەیەکی گونجاو” دەستگیرکردبوو، دوای ئەوەی گیانی لەدەستدا، باوکی ژینا گوتی، کچەکەی بەهۆی لێدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەستداوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: “هیچ لەو شتانەی کە بینیومانن ئاماژە بەوە ناکەن سەرکردایەتیی ئێران مامەڵەکردنی لەگەڵ ژنان و کچاندا باش بکات یان ئەو تووندوتیژییە کەمبکاتەوە کە دژی خۆپێشاندەران بەکاریدەهێنێت.”

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، خۆپێشاندەرانی ئێران “دەیانەوێت ئازادانە بژین و چارەنووسی خۆیان لە دەستی خۆیاندا بێت.” هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، تەنانەت ئەگەر پۆلیسی رەوشت هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەو داواکارییانە ناگۆڕێن.

گیانلەدەستدانی ژینا لە 16ی ئەیلوول بوونە هۆی دروستبوونی خۆپێشاندانی گەورە بە سەرکردایەتیی ژنان کە بوونەتە گەورەترین بەربەست لە بەردەم حکومەتی ئێرانی دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979. سەدان کەسی خەڵكی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە نێویاندا ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. 

لە هەنگاوێکی لە ناکاودا، سەرەتای ئەم هەفتەیە لەسەر زاری محەممەد جەعفەر مونتەزەری، داواکاری گشتیی ئێران بڵاوکرایەوە کە پۆلیسی رەوشت هەڵوەشێنراوەتەوە. 

لە بەرامبەردا، داکۆکیکارانی مافی ژنان گومانیان لەو گوتانە هەیە کە لە وەڵامی پرسیارێک لە کۆنفرانسێکدا گوتراوە، لە بری ئەوەی بە راگەیێندراوێکی واژۆکراوەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بڵاوبکرێتەوە. 

رۆیا بۆرۆمەند، چالاکڤانێکی بواری مافەکانی مرۆڤە لە ئەمریکا و دەڵێت: “تاوەکو هەموو کۆتوبەندە نایاساییەکان لەسەر شێوازی جل پۆشینی ژنان و یاساکانی کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی تایبەتی هاووڵاتییان هەڵنەوەشێننەوە، گۆڕانکاریی دروستنابێت.” 

پەیوەندیدار