بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی عێراق رایگەیاند، لە ناوچەی ئیعلام لە باشوری بەغدا بەهۆی سوتانی ماڵەکەیانەوە سێ منداڵی یەک خیزان گیانیانلەدەستداوە و دایک و باوکەکەش براونەتە نەخۆشخانە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە لایەن دراوسێکانی ئەو ماڵەوە پەیوەندی بە هێزەکانی بەرگری شارستانییەوە کراوە و لە کاتی گەیشتنیان بۆ شوێنی رووداوەکە دایک و باوکەکە هێشتا لە خەودا بوون و سێ منداڵەکەشیان گیانیانلەدەستداوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دیواری ماڵەکە بە ماددەی پلستیک رووپۆشکراوە و بووەتە هۆی ئاسانکاری بۆ تەشەنەسەندی ئاگرەکە و هەر سێ منداڵی ئەو خێزانە بەهۆی توشبوونیان بە تەنگەنەفەسی توند بە غازە کوشندەکان گیانیانلەدەستداوە.
باسی لەوەشکردووە، لە کاتی گەیشتنی هێزەکانیاندا دایک و باوکەکە لە خەودا بوون بەڵام ئەوانیش توشی تەنگەنەفەسی توند بوونەتەوە پاش رزگارکردنیان و ناردنیان بۆ نەخۆشخنە تەرمی سێ منداڵەکەشیان ناردووە بۆ پزیشکی دادوەری.
لە راگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی داوای لە هاوڵاتیان کردووە، شەوان دوای خەوتنیان ئامێرەکانی گەرمکەرەوە بکوژێننەوە و ئەو ماددانەی ئاسانکارن لە گڕگرتن بۆ رووپۆشکردنی ماڵەکانیان بەکار نەیەنن.