سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئاماری ساڵی ڕابردووی بڵاوكردەوە

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە ساڵی ڕابردوودا 73 پێشێلکاری بەرامبەر بە158 ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەپێی ڕاپۆرتی ژمارە 29 و 30 ڕایگەیاند: لە ساڵی ڕابردوودا 73 پێشێلکاری بەرامبەر بە158 ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە لەم ڕێژەیە چوار کەسیان مێن و حاڵەتەكانیش بەم جۆرەن، 19 حاڵەت دەستگیرکردن، 20 حاڵەت ڕێگری، 10 حاڵەت سووکایەتی، حەوت حاڵەت هەڕەشە و شکاندن، حەوت حاڵەت دستبەسەراگرتن، سێ حاڵەت داخستنی کەناڵ، دوو حاڵەت هێرشکردن، دوو حاڵەت دەرکردن، یەک حاڵەت ڕفاندن و دوو حاڵەت بریندار بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو: پێشێلكاریەكان بەپێی پارێزگاکان و دابەشبوونیان بەم شێوەیەن: لە پارێگای هەولێر 21 حاڵەت، لە پارێگای سلێمانی 18 حاڵەت، لە پارێزگای دهۆک 16 حاڵەت، لە پارێزگای کەرکووک 10 حاڵەت، لە پارێزگای هەڵەبجە سێ حاڵەت، لە ئیدارەی گەرمیان سێ حاڵەت، لە ئیدارەی سۆران دوو حاڵەت و لە هەریەک لە ڕۆژئاوای کوردستان و وڵاتی ئێران یەک حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەنجام دراوە.

ڕوونیش كراوەتەوە: كە ئەمساڵیش پێشێلکارییەکان بەردەوام بوون و فۆڕمی جیاوازی پێشێلکاری بەرامبەریان هاتووەتە کایەوە، پەیج و ماڵپەڕیش لە کوردستان هێندە زۆر بوون، بەشێکی زۆریان هەموو بنەما ڕەوشتییەکان پێشێل دەکەن و بۆ ململانێ بەکار دێن و لێشاوی هەواڵی ساختەش کاریگەریی نەرێنیی بۆ سەر دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگە هەبووە، بۆیە چارەسەری ئەو دۆخە بە دەرکردنی یاسای تۆکمەی کاری فراوانی میدیا دەبێت و جیاوازینەکردن لە نێوان ڕۆژنامەنووسان و تێڕوانینی لایەنە جیاوازەکانیش بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بگۆڕن وەک میدیاکار سەیریان بکەن نەک دژ و دژایەتی.

پەیوەندیدار