سەرۆک وەزیرانی عێراق: به‌مزوانە له‌گه‌ڵ هه‌رێم سەبارەت پرسى نەوت رێككه‌وتن واژوو ده‌كه‌ین

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە رەزامەندی کورد کار بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت و بارودۆخی ئەمنی سنووری نێوان عێراق و ئێران دەکەن.

محه‌مه‌د شیاع سودانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بە‌غدا رایگەیاند: کار بۆ چارەسەرکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەبارەت بە پرسی نەوت و بارودۆخی سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێرانیش وتی: “بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە بە رەزامەندی کورد ده‌كه‌ین و بەمزووانە رێککەوتنێک لەوبارەوە لە بەغدا واژوو دەکەین”.

ئەوەشى خستەڕو، “داعش ناتوانێت ببێتە مەترسی، چونکە توانای کۆنترۆڵکردنی خاکی نییە و هێزەکانی عێراقیش دەتوانن رووبەڕووی ببنەوە”.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ سعودیه‌، سودانی رایگه‌یاندووه‌: لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان رێککەوتوون، کە لە سەردانەکانی وەزاری دەستپێدەکات و دواتر بانگهێشتکردنی ئەنجومەنی هەماهەنگی سعودیە و عێراق بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە ماوەی سێ ساڵدا.

سودانی دووپاتی کردەوە کە بەغدا بەردەوام دەبێت لە رۆڵی خۆی لە میوانداریکردنی دیالۆگی سعودیە و ئێران، بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەکی ئه‌منی له‌نێوان هه‌ردوو وڵات ئه‌نجام ده‌درێت، بە هیوای ئەوەی ئاستی کۆبوونەوە ئەمنییەکان بۆ ئاستی دیپلۆماسی بەرزبێتەوە.

پەیوەندیدار