لەبارەی چەكی بێ مۆڵەت وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیارێكی توندی دەركرد

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رۆژی 21-07-2023، دوا وادەی رادەستکردنی چەکی بێ مۆڵەتە و دوای ئەو رێککەوتە؛ هەرکەسێک چەکی پێ بگیرێت، بەپێی یاسا زیندانی ساڵێك بۆ سێ ساڵ دەکرێت.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نووسراوی ژمارە ک/10338ـی ئاراستەی پارت و هێزە سیاسییە مۆڵەتدراوەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە یاسا و رێنماییەکانی بواری چەکی تێدایە.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا چەند داواکارییەک لەبارەی چەک ئاراستەی حیزبەکان کراوە کە بە کورتی لە چەند خاڵێکدا کورت دەبنەوە:-

-حیزب و هێزه سیاسییەکان بەشداری بکەن له هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنی هاووڵاتییان لەبارەی چەک

-ئەندامانی حیزبەکان چەک بەپێی یاسا بەکاربهێنن

-کەناڵەکانی میدیا بخرێنە خزمەت پڕۆسەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ناتووندوتیژی

-حیزبەکان چەک وەک دیاری نەبەخشنە ئەندام و لایەنگرانیان

-حیزبەکان کۆگەی هەڵگرتنی چەک بۆ پاسەوانەکانیان دروست نەکەن

لای خۆیەوە هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاندوە: باسی لە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و رێکارەکانی وەزارەتەکەیان کرد و گوتی، مەفرەزەکانی پۆلیس بەردەوام خاڵی پشکنین دادەنێن و دەست بەسەر چەکی بێ مۆڵەتدا دەگرن.

وتویەتیشی: 21-07-2023، دوا وادەی رادەستکردنی چەکی بێ مۆڵەتە لە دوای ئەو رێککەوتەوە، هەر کەسێک چەکی پێ بگیرێت ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی دەکرێت و لە رووی دارایشەوە سزادەدرێت و وەک تاوانکار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

پەیوەندیدار