حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا رێزی لە ٤٤ ساڵ خەباتی پێشمەرگە و جێگری سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان گرت.
ئێوارەی دووشەمە، ٢٧/١١/٢٠٢٣، لە هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سکرتێر و سەرۆکی پارتە سیاسیەکان و پێشمەرگە دێرینەکان و پارێزگاری هەولێر و کەسایەتییە سیاسی و ڕۆشەنبیرییەکان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان رێوڕەسمێکی شایستەی رێکخست، بۆ رێز گرتن لە خەبات و تێکۆشانی سەعد خالید.
لە رێوڕەسمەکەدا، کە وتاری نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێم کوردستان لە لایەن دلشاد شەهاب خوێندرایەوە، کە تیایدا ئاماژە بە خەباتی شاخ و شاری سەعد خالید درا، لە بواری کاری حوکمداریش وەک وەزیرێکی دڵسۆز و خەمخۆر وەسفی کرا.
پاشان عەدنان موفتی وتارێکی پێشکەش کرد کە وێڕای ئاماژەدان بە تێکۆشانی سەردەمی شاخی سەعد خالید، عدنان موفتی گووتی:
سەعد خالید لەو ساڵانەی وەزیری هەرێم بوو بۆ کاروباری حکومەت و پەرلەمان، رۆڵی هەبوو لە لێنیزکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئەم دوو دامەزراوە گرنگە (حکومەت و پەرلەمان)
دواتر لەسەر ناوی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەڵێن عەبدولڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەو ڕێورەسمەدا وتارێکی پێشکەش کرد و سوپاسی هەموو لایەکی کرد کە لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدارن.
مەدالیای رێزلێنان بە نوێنەرایەتی کەسوکاری شەهیدان مام ئیسماعیل باوکی شەهید چەتۆ بە بەرۆکی سەعد خالید هەڵواسرا، قەڵغانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لایەن بەهمەن حوسێن پێشکەشی سەعد خالید کرا.
دوایین تەوەرەی ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە گوڵبارن کردنی سەعد خالید لە لایەن بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە.
شایانی باسە، سەعد خالید لە تەمەنی ١٦ ساڵی لە رۆژگارێکی بێ ئومێدی و تاریکیدا لە مانگی ١/١٩٧٩ چەکی پێشمەرگایەتی کردۆتە شان و لە خەبات بەردەوام بووە تا راپەڕینی ١٩٩١، لە ماوەی ساڵانی پێشمەرگایەتی وەک خەباتگێڕێکی لە خۆبردوو و بە ڕوحیەتێکی پێشمەرگانە بۆ تێکۆشانی گەلەکەی خزمەتی کردووە.