پسپۆرێكی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمریكای نوێ ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانی ئەمریكا لەسەر داوای حكومەتی عێراق لە وڵاتەكەن، ئەگەر حكومەتی عێراق بە فەرمی داوا لە ئەمریكا بكات لە عێراق بچێتە دەرەوە، ئەوە ئەمریكا رازی دەبێت.
(دۆگڵاس ئۆلیڤانت) پسپۆری ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمریكای نوێ، لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاندووە، سودانی دەیەوێت هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان لە عێراق نەمێنن، وەك تاكە رێگەیەك بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان و هەژموونی خۆی لە ناوخۆی عێراق بپارێزێت، هێزەكانی ئەمریكا لەسەر داواكاری و بانگهێشتی فەرمی حكومەتی عێراق لە وڵاتەكەن.
ئەو ڕاوێژكارەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشداوە، كاتێك حكومەتی عێراق ساڵی (2011) داوای دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكای كرد لەو وڵاتە، ئەوا ئەمریكا ڕازی بوو، عێراقی جێهێشت.
وتیشی: ئێستاش حكومەتی عێراق بە فەرمی داوای چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكات، ئەوا ئەمریكا ڕازی دەبێت لە عێراق بچێتە دەرەوە.
ئەو پسپۆرەی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمریكای نوێ، جەختی لەوە كردەوە كە گرووپە چەكدارەكان لە عێراق لە هەوڵی ئەوەدان تۆڵە لە ئەمریكا بكەنەوەو میلیشیاكان سەرۆك وەزیرانی عێراقیان ناچاركردووە لێژنەیەك پێكبهێنێت، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر كۆتاییهێنان بەبوونی هێزی بیانی لە عێراق بدرێت.
باسی لەوەشكرد، ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان تەنیا ئامادەیە بارەگاكانی خۆی بپارێزێت و بەرگری لەخۆی بكات، ئامادە نییە بارەگای هیچ هێزێكی دیكە بپارێزێت، هەروەها ئامادە نییە لەبری هیچ هێزێكی دیكە شەڕ بكات.
ئەوە لە كاتێكدایە كە (موحەمەد شیاع سودانی) سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشداری لە رێوڕەسمێك كرد، كە بۆ ساڵیادی كوژرانی (قاسم سولەیمانی) لە بەغدا رێكخرابوو، لە وتارێكدا ڕایگەیاند، حكومەتی عێراق تواناو ئامادەیی بۆ بڕیاری گونجاو لەبارەی پاراستنی سەروەری و سەقامگیری خاكی عێراقی هەیەو دوای كۆتایی پاساوەكان، بوونی هاوپەیمانان لە عێراق كۆتایی پێدێت، هەروەها هێرشی هاوپەیمانان بۆسەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی پێشهاتێكی مەترسیدارە.