لە یادی 33 ساڵەى راپەڕینە مەزنەکەى گەلى کورد-دا، مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، راپەڕینی ئاداری 1991 بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتویی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بو، بەرهەمەکەی دروستبونی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستورییەکانی هەرێم بو.
ئاماژەی بەوەشکردوە، زۆر گرنگە و پێویستە هەمو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستانی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.
دەشلێت، پێویستە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین.