ئەپیکور ڕایگەیاند، سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كۆشكی سپی، دەرفەتێكی گرنگە بۆ كۆتایهێنان بە چەقبەستوویی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
بە گوتەی ئەوان، “كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور پابەندن بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پێشوازیی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەن، ببێتە هۆی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.”
ئەپیکور دەڵێت: “باوەڕمان وایە دەكرێت چارەیەک بدۆزرێتەوە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەكدا بێت”.دەشڵێت، “ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵگرتنی بەربەستێكی سەرەكی لەبەردەم وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی لە عێراق.”
لای خۆیەوە ئەپیكور گەشبینە بەو كۆبوونەوە باڵایەی نێوان سوودانی و بایدن، وادەكات هەمووان پێكەوە دەستوبرد بكەن، بۆئەوەی كێشەكە بە ئاسانی چارە بكەن و دەست بەرهەمێنانی تەواوەتی و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەرچەندە لە ئۆكتۆبەری 2023 توركیا بە فەرمی ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی لوولەی نەوتی عێراق – توركیاوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش هەناردە ڕاگیراوە.
ڕۆژانە بازاری وزەی جیهان نزیكەی 400 هەزار بەرمیل نەوت لەدەست دەدات، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان. هەروەها نەبوونی ڕێككەوتنێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت زیانی 14.5 ملیار دۆلاری بە داهاتی عێراق گەیاندووە.
هەروەها لە هەرێمی كوردستان و عێراق و كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوتیش ژمارەیەكی زۆر خەڵكی كارەكانیان لەدەست داوە و دەرفەتی وەبەرهێنانیش كەمبووەتەوە.
ڕاشیگەیاند، كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور بەپەرۆشن بۆ گەیشتن بە چارەیەکی هاوبەش و بەسوود لەنێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.
هەبوونی سێكتەرێكی بەهێزی نەوت و گاز دەبێتە هۆی ڕاكێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی و لەبەرژەوەندی هەموو خەڵكی عێراقە.
ئەمەریكا، لە مانگی ئاداری 20224، رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە هاوردە كردووە، ئەمەش نەوتی هەرێمی كوردستانی تێدا نەبووە، سەرەڕای ئەوەی ئەمەریكا بە قەبارەی 300 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی لە پەرەپێدانی سێكتەری نەوت و گازی هەرێمی كوردستان هەیە.