14ی نیسان یادێکی خەمناکە، ڕۆژی کۆمەڵکوژیی و پرۆسەی تاوانی ئەنفالەکانە، 37 ساڵ پێش ئێستا ڕژێمی بەعس سیاسەتی جینۆسایدکردنی گەلەکەمانی کردە ئامانج و بەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی موسلمانەوە بە دڕندانەترین شێوە پرۆسەی تاوانی ئەنفالەکانی بە هەشت قۆناغ جێبەجێ کرد، كە 182هەزار مرۆڤی بێ تاوانی زیندەبەچاڵ کرد. ئەو تاوانە لەکەیەکی ڕەش و نەگریسە و ئۆبالەلەکەی لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق دایە.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام، دەسەڵاتدارانی عێراق قەرەبووی دەوڵەتانی زیانلێکەوتووی شەڕی کەنداوی کردەوە،بەڵام هێشتا دەسەلاتدارانی عێراق قەرەبووی ئەنفاڵکراوانی خەڵکی کوردستانیان نەکردووە، هێشتا بە ئەندازەی پێویست لا لە کۆڕە بەکۆمەڵەکان نەکراوەتەوە، جگە لە سەرانی ڕێژیم هێشتا تاوانبارانی ئەنفال دادگایی نەکراون. کە ئەو بەرپرسیاریەتە بەشێکی لە ئەستۆی نوێنەرانی کوردە لە پەرلەمان و حکوومەتی عێراق دا.
ئەم تاوانە، هاواری نەبیستراوی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانە، ئەنفال؛ زیندان و زیندەبەچاڵکردن و کۆڕە بەکۆمەڵەکانی ژن و منداڵ و گەنج و پیری کوردمان لە بیابانەکانی باشوور و رۆژاوای عێراق بەبیر دەهێنێتەوە، یادەوەرییەکی خەمناكە، تا هەتایە لە بیر ڕۆڵەکانی گەلەکەمان ناچێتەوە.
-سڵاو لە قوربانیانی ئەنفالەکان.
-سڵاو لە خۆڕاگریی گەلەکەمان.
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
14ی نیسانی 2025