بەڕێزان/ سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
بەڕێزان/ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
بابەت/ بروسکەی پیرۆزبایی
بە بۆنەی بەستنی 12هەمین کۆنگرەی حزبە تێکۆشەرەکەتان، وێرای دەربڕینی گەرمترین پیرۆزباییمان لە سەرجەم ئەندامانی کۆنگرە، لە حزبی شیوعی کوردستانەوە ئاواتەخوازین کۆنگرەکەتان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت و بریار و راسپاردەکانی کۆنگرە ببنە پتەو کردنی تێکۆشانتان لە پێناو بەرژەوەندی گەلەکەمان و بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان.
خەباتی بەردەوامی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی گەلەکەمان، بە تایبەتی لە پێناو دیموکراسی، یەکسانی و مافی چارەنووس، کە دروشمی کۆنگرەکەتانە، بەرز دەنرخێنین.
تێکۆشان و خەبات و چالاکییە هاوبەشەکانمان بە بەردەوامی چ لە چوارچێوەی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی و چ لە چوارچێوەی هاوپەیمانیتیمان لە هەڵبژاردنەکان نیشانەی ڕوونی گرێدانی ئەرکی نیشتمانی و ئەرکی چینایەتیمانە، کە بنەمای فیکری و کردەیی کاری هاوبەشمانە، لەپێناو گەیشتن بە مافی بریاردانی سەربەخۆی گەلی کوردستان و سەرخستنی ئامانجە هاوبەشەکانی چەپ و بنیاتنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی.
جەخت لە سەر پەره پێدانی زیاتری ئەو هاوکاری و هەماهەنگییە لە قۆناغی داهاتوو دەکەینەوە. دووبارە پیرۆز بێت کۆنگرەکەتان، هەم شاد و سەرکەوتوو بن.
حزبی شیوعی کوردستان – عێراق
مەکتەبی سیاسی




