شاندێکی باڵای حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڵێن عەبدوڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، سەردانی پارتی ئازادی کوردستانیان کرد. لە دیدارەکەدا، وێڕای تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە، پشتگیریی خۆیان بۆ هاوپەیمانێتیی نوێی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، 25ی شوباتی 2026، شاندێکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڵێن عەبدوڵا سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ، بێکەس قادر جێگری سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ، دڵزار عەبدوڵا ئەندامى مەکتەبی سیاسی (دڵشاد ڕەمەزان، بەدرخان ئەحمەد؛ ئەندامانی مەکتەبی پەیوەندییەکان) سەردانی پارتی ئازادی کوردستانیان کرد. لە لایەن حسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی پارتەکە و هەریەک لە (عەلی ئەحمەدی، خەلیل نادری و ئەدیب خاليدیان) پێشوازییان لێ کرا.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە:
گۆڕانکارییەکان: هەردوولا تیشکیان خستە سەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی کوردستان و ناوچەکە؛ جەختیشیان لە پێویستیی هەماهەنگیی نێوان لایەنە کوردییەکان کردەوە.
هاوپەیمانێتیی ڕۆژهەڵات: سکرتێری حزبی زەحمەتکێشان پیرۆزبایی پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی نێوان پێنج هێزەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم هەنگاوە پێویستییەکی گرنگی ئەم قۆناغە مێژووییەیە و هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ یەکخستنی گوتاری سیاسیی کورد.
پەیوەندییە دووقۆڵییەکان: لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حزبی زەحمەتکێشان و پارتی ئازادی کوردستان کردەوە، لەپێناو خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، کە یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی قۆناغەکە دەبینرێت.







