رۆژی ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٦، کۆمیتەی ناوەندی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەسەرپەرشتی بەڵێن عەبدولڵا سکرتێری حزب ئەنجام دا.
بارودۆخی سیاسی جیهان و ناوچەکە و کوردستان بە تایبەت دۆخی نەشەڕ و نە ئاشتی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەکی دیکە و هەڵوێستی بێ لایەنانەی هەرێمی کوردستان لەو جەنگە و هێرش و پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان قسەو باسیان لەبارەیەوە کرا.
کۆبوونەوەی بە نیگەرانیەوە ڕوانیە هێرش و پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان و کەمپی پەنابەران، جارێکی دیکە جەختی لە هەڵوێستی حزبی زەحمەتکێشان لەو پێشهاتانە کردەوە بەوەی ئەو پەلامارانە بێ پاساو دووژمنکارانەن و زەحمەتکێشان ئیدانەیان دەکات.
کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی غیابی یەکڕیزی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە هۆکاری پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان و دانەمەزراندنی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زانی.
تەوەرەیەکی دیکەی کۆبوونەوە تایبەت بووە بە قسەوباس لەسەر بارودۆخی ژیان وگوزەرانی خەڵک و کاریگەری گرانبوونی بازاڕ و دواکەوتنی مووچە و زیادبوونی باج لەسەر هاوڵاتیان کە هیندەی دیکە باری سەرشانی خەڵکی قورستر کردووە.
دۆخی ناوخۆی حزب و دانانی میکانیزم بۆ کاراکردنی ئۆرگانەکان دوایین تەوەرەی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بوو.
پاشان بەوەرگرتنی چەند بڕیارو ڕاسپاردەیەک کۆتایی بە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی هات.
کۆمیتەی ناوەندی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان






