وەزیری خوێندنی باڵا: زانکۆ حکومییەکان بارگرانییەکی گەورەیان خستۆتە سەر حکومەت

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: خوێندنی باڵا پێویستی بە ریفۆڕمی ریشەیی هەیە، دەشڵێت، “زانکۆ حکومییەکان بارگرانییەکی یەکجار گەورەیان خستوەتە سەر حکومەت، لە دونیای مۆدێرن دەبێ ئەوانە سەربەخۆبن”.

 ئارام محەمەد قادر، رایگەیاند، بە سەرپەرشتی بریکاری وەزیر لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ داڕشتنەوە و پێداچونەوە بە یاسا لە خوێندنی باڵا، دەیانەوێت یاسایەک دابڕێژنەوە، کە بەرمەبنای گۆڕانکارییە سیاسیی و ئابوری و پێشکەوتنە زانستییەکانی ناوچەکە و جیهان بێت.

ئەوەشی خستەڕو، “گرفتی گەورەمان سیستمی وەرگرتنی قوتابیانە لە زانکۆ، کە تەنها پێوەر تێکڕا نمرەی قوتابییە لە پۆلی 12، ئەم سیستمە توانا راستەقینەکان و باکگراوند و داهێنانی قوتابیان و خوێندن لەبەرچاو ناگرێت، پێویستە ئەم سیستمە بگۆڕدرێت، تا ئەمە نەگۆڕین ناتوانین دڵخۆشبین بەوەی هیچ ریفۆرمێک لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت جێگە بگرێت”.

ئارام محەمەد قادر رونیشیکردەوە، “گرفتێکی دیکەمان ئەوەیە قوتابی کە دێتە ناو زانکۆ بەهەمان پێوەری پەروەردە دێت، بۆیە ناتوانێت ئەو کارامەییە دروست بکات، پێویستە تاقیکردنەوەیەکی نیشتمانیمان هەبێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە تا بزانین بۆ ئەمساڵی خوێندن چ جۆرە کوالێتی و کادیرمان لە ناوەندەکانی خوێندن دەوێت”.

وتیشی، “زانکۆ حکومییەکان بارگرانییەکی یەکجار گەورەیان خستوەتە سەر حکومەت، لە دونیای مۆدێرن دەبێ ئەوانە سەربەخۆبن”.

پەیوەندیدار