کۆميسیۆن: بەشداریکردن لە دەنگدان تاکە دەرچەی چاکسازییە

سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دوای 24 کاتژمێر لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی، ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی  تشرینی یەکەم رادەگەیەنن و بەدرێژایی پرۆسەکەش چاودێران ئازادن بچنە هەر بنکەیەک، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەکەن بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن چونکە باوەڕیانوایە “بەشداریکردن لەدەنگدان تاکە دەرچەی چاکسازییە”.

جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، لەدوای 24 کاتژمێر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنرێت، هەروەها لەماوەی 90 خولەکی دوای داخستنی بنەکەکانی دەنگدان، ئەنجامی هەمو پارێزگاکان دەگاتە ناوەندی تۆمارکردنی داتاکان لەکۆمسیۆن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەڵبژاردنی رۆژی 10ی تشرینی یەکەم کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پەیڕەوی لەیاسای نوێی هەڵبژاردنەکان دەکات و جیاواز لەهەڵبژاردنی رابردو، عێراق بەسەر 83 بازنەی جیاواز و  فرەڕەنگدا دابەشکراوە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستەڕو، ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمسیاران بەتایبەتی رەوانەی پارێزگای کەرکوک کراوە و تا رۆژی هەڵبژاردن سەرپەرشتی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە کردوە، هەروەها سکاڵای هاوڵاتیانیان وەرگرتوە و لەسەر ئەو بنەمایە ژمارەیەک کاندید بەهۆی سەرپێچی دورخراونەتەوە.

بڕیارە 10ی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، لە ئێستادا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کۆتایی ئامادەکاریەکاندایە بۆ ئەو پڕۆسەیە.

پەیوەندیدار