​حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەکات

بەڕێز کاک محەممەد حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

بەڕێز مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

بابەت: پیرۆزبایی

سڵاوێکی گەرم..

بەبۆنەی یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە گەرمی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و هەموو ئەندامانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین ،ئومێدەوارین ئەم بۆنە گرینگ و مێژووییە، هاندەر بێ بۆ پێشکەوتنی حزبەکەتان و پەرەپێدانی خەبات و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و حوکمڕانیەکی دادپەروەرانە لە کوردستان.
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، خاوەن مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانی قۆناخە دژوارەکانی شۆڕش و سەنگەری بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی و ستەمکارییە، ئێستا لە کاتێکدا کە ئەو یادە دەکەینەوە، لەلایەک بەهۆی چەقبەستنی سیاسی و لەلایەکی دیکەشەوە بە هۆی شەڕ و لێکەوتەکانی شەڕ لە ناوچەكەدا، هەرێمی کوردستان بە ڕەوشێکی هەستیار و ناهەموار تێپەڕ دەبێت، بۆیە بەرەنگاربوونەوەی تەحەددیەکانی ئەم قۆناخە پێویستیی بە ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی گشتی و بە پاراستنی یەکڕیزی کوردستانی و یەکگرتوویی حزبە سیاسییەکان لە ڕەهەندە نیشتمانییە کوردستانییەکان و مامەلەکردن لەگەڵ فاکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە، پێویستیی بە گرتنەبەری ئاراستەیەکی سیاسی دروستە، نەک بە لاڕێدا بردنی.
هەر لەو بۆنەیەدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر پەیوەندیی دۆستانەی نێوان حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەکەینەوە.

مەکتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
8-8-2026

پەیوەندیدار