وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی دەدات لە ئەگەری سەرنەکەوتنی دیپلۆماسی لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران “بژاردەی دیکەیان” دەبێت. هاوکات هاوتا ئیسرائیلییەکەی گوتی “مافی بەکارهێنانی هێزمان لە دژی ئێران هەیە”.
رۆژی چوارشەممە 13-10-2021 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلی و ئیماراتییەکەی لە واشنتن بەست. ئیسرائیل و ئیمارات دوو هاوپەیمانی ئەمریکان کە پارساڵ لەسەر بنچینەی پرسی هاوبەش لەبارەی تارانەوە دەستیان بە پەیوەندیی دیپلۆماسی کرد.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانیەکەدا، بلینکن باسی ئۆفەری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکای بۆ چوونە ناوەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کرد کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکای لە رێککەوتنەکە کشاندبووەوە و دواتر ئەمریکا دووبارە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و لە ئەنجامدا ئێران دەستی بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی کردەوە.
بلینکن جەختی لەوە کردەوە کە هەریەکە لە ئەمریکا، ئیسرائیل و ئیمارات لەو بڕیارەدا یەکگرتوون کە نابێت رێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، بەبڕوای ئەوان رێچکەی دیپلۆماسی “کاریگەرترین رێگەیە” بۆ ئەوەی رێگە لە روودانی ئەمە بگرن.
هاوکات بلینکن هۆشداریشی دا کە ئەوان ئامادەن “بژاردەی دیکە بگرنە بەر ئەگەر بێتوو ئێران هەڵسوکەوتی نەگۆڕێت”.
یائیر لاپیت، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەبارەی قسەکەی بلینکن گوتی ” پێموایە هەموو کەسێک لە هەر شوێنێکی ئیسرائیل و ئیمارات و تارانیش بێت لەوە تێدەگەن کە ئەمە مانای چییە”. گوتیشی کە ئەو و بلینکن رزگاربووی هۆلۆکۆستن و دەشزانن کە “هەندێکجار پێویست دەکات وڵاتان هێز بەکاربێنن بۆ ئەوەی جیهان لە هێزی خراپەکار بپارێزن”.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هاوکات ئێرانی بە “رژێمێکی تیرۆریستی” ناوبرد و گوتی “ئەگەر بێتوو دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات، دەبێت شتێک بکەن”. هۆشداریشی دا کە “بەکارهێنانی هێز نەک تەنیا مافی ئیسرائیلە، بەڵکو بەرپرسیارێتیشیانە”.
هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە لەو کاتەی جۆ بایدن لە پۆستەکەیدا دەستبەکاربووە، ئێران 9 مانگی لە بەردەستدا بووە بۆ ئەوەی پابەندبوونەکەی پیشان بدات. گوتیشی “هەر رۆژێک کە تێپەڕدەبێت و ئێران رەتی دەکاتەوە نیازپاکی پیشانبدات، رێگاکە کورتتر دەبێتەوە”.