هەرێم و بەغدا لەسەر یەكخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل رێككەوتن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق و هاتوچۆی هەرێمی كوردستان رێكەوتوون لەسەر یەكخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە زمانی ئینگلیزی و بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی جیهانیدا دەكرێت.
تارق ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی وتووە، بە هەماهەنگی لەگەڵا هەرێمی كوردستاندا پشت بە پەڕەیەكی كار دەبەسترێت كە تێیدا تابلۆی ئۆتۆمبێل بە زمانی ئینگلیزی یەك دەخرێت و لە سەرجەم دەوڵەتانی جیهانیش كاری پێ دەكرێت.
رونیشی كردووەتەوە، تابلۆ نوێكە بە هەمان قەبارەی تابلۆی ئێستا و بە هەمان رەنگ دەبێت، سپی بۆ تایبەتی و سور بۆ ئۆتۆمبێلی كرێ‌ و شین بۆ حكومی و سەوز بۆ سوپا، هەروەها كۆدی پارێزگاكانی تێدا دەبێت و لەبری ناوی هەر پارێزگایەك كۆدێكی دیاری كراو بەكاردەهێنرێت.
بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی عێراق لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەداوە، وەزارەتی ناوخۆ لە ئامادەكاریدایە بۆ گرێبەست كردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی جیهانی تایبەتمەند لە بواری دروست كردنی تابلۆ، ئەوەش بۆ گرەنتی كردنی خێرایی بەرهەمهێنان لە ماوەیەكی كاتیدا، هەروەها كۆمپانیاكە لە بەغدا تابلۆكان چاپ دەكات ئەوەش بەهۆی جیاوازی تێچووی ئەگەر لە دەرەوە چاپ بكرێت.

پەیوەندیدار