سەرۆکی جەهەپە: لەگەڵ سوریا شەڕ ناکەین، بەڵکو ئاشت دەبینەوە

سەرۆکی گشتی جەهەپە رایگەیاند :”لەگەڵ سوریا شەڕ ناکەین، بەڵکو ئاشت دەبینەوە. باڵیۆزخانە لای یەکدی دەکەینەوە. ئاشتی لە سوریا بەرقەرار دەکەین، هەروەها تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران. لەگەڵ هەموو دراوسێکانماندا ئاشتدەبینەوە”.

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە رەخنەی لە سیاسەتی تورکیا لە سوریا گرت، روی دەمی کردە ئەردۆغان و وتی:”کاتێک روسیا 33 سەربازی تورکیای کوشت تۆ چیت کرد؟ لەجیاتی ئەوەی پوتین بێتە تورکیا، تۆ چویتە دەوێ. هاوکات بە ئەردۆغانی وت؛ بیلالی کوڕت بنێرە، نەک کوڕی هەژار!

سەرۆکی گشتی جەهەپە دەشڵێت “ئێمە نامانەوی هیچ سەرباز و پۆلیسیکمان لە سوریا شەهید بێت. پۆلیس و سەربازمان چووە سوریا. دەڵێ بەرەنگاربوونەوە! بەرەنگاربونەوەی چی براکەم؟ تا ئاشتی هەبێت بۆ شەڕ بکەین؟”

لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی جەهەپە، عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند کە ئەو ئیرادەیەی ئەوان لە پەرلەمان نیشانیانداوە، رێگریی لە دروستبونی دەوڵەت لە باشوری تورکیا کردووە، چەلیک ئاماژەشیکردووە کە ئەوان لەڕێی ئەم هەڵوێستەیان رێگری لە پەکەکە و داعش دەکەن.

هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆبونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان وتی؛ ئەم پرۆژەبڕیارە دووژمنایەتیکردنی کوردە و هاوکات پرۆژەبڕیاری رۆیشتنی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای تورکیایە.

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند “دەسەڵات کە هەموو جارێک ماوەی یەک ساڵ مانەوەی سەربازان لە عێراق و سوریا درێژدەکردەوە، ئەمجارە دەیەوێ ماوەکە بکاتە دوو ساڵ. ئەمە بەو مانایە دێ دەسەڵات نیگەرانە لە مان یان نەمانی فراکسیۆنی ئاکپارتی و نیگەرانیشە لەوەی دوای ساڵێکی دیکە ناتوانێت دەنگ لە پەرلەمان کۆبکاتەوە. خۆشیان لێیان روونە کە دەڕۆن”.

پرۆژە بڕیاری ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا ساڵی 2013 لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پەسندکرا و تاوەکو ئێستا شەش جار دریژکراوەتەوە.

پەیوەندیدار