د. رەهێڵ فەرەیدون: هەر فەرمانبەرێک ڤاکسین وەرنەگرێت، دەبێت پشکنینی PCRی هەبێت، ئەگەرنا موچەی پێنادرێت

بریکاری وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر فەرمانبەران نەیانەوێت و ئامادەنەبن ڤاکسین وەربگرن، ئەوا پێویستە هەمو هەفتەیەک کە دەچنە دەوام تێستی کۆرۆنا PCR بکەن و لە کۆتایی مانگدا ئەگەر چوار تێستی نەبێت ناچار دەبن موچەکانیان بە کاتی رابگرن تاوەکو رێکارەکان جێبەجێ دەکەن.

د ڕەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “رێوشوێن و رێنماییەکان بۆ خۆپارێزی قۆناغ بە قۆناغ بەپێی هەستاری بارودۆخەکە بەردەوامە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە پێشوازییەکی کەم لە وەرگرتنی ڤاکسین کراوە، لە ماوەی رابردودا دوبارە ئامارەکانی کۆرۆنا هەڵکشان هەم رێژەی مردن هەم رێژەی توشبون و ئەوانەی پێویستیان بە چاودێری چڕ هەیە زیادیان کردوە، ئامارەکان پێمان دەڵێن کە پێویستە رێکاری توندتر بگرینەبەر”. 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەفتەی رابردو سەرەتای ئەم هەفتەیەش کە لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا کۆمەڵێک رێکاری لەسەر پێشنیاری وەزارەتی تەندروستی خرایەڕو، لە هەمویان جدیتر ئەگەر فەرمانبەران نەیانەوێت و ئامادەنەبن ڤاکسین وەربگرن، ئەوا پێویستە هەمو هەفتەیەک کە دەچنە دەوام تێستی کۆرۆنا PCR بکەن و لە کۆتایی مانگدا ئەگەر چوار تێستی نەبێت ناچار دەبین موچەکانیان بە کاتی رادەگیرێت تاوەکو رێکارەکان جێبەجێ دەکەن.

بریکاری وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕو، “ئەگەر هاوڵاتیان ڤاکسین لە خۆیان نەدەن، ئەوا ئەو توانایەی کە ئێمە هەمانە هەم لەروی زانستی و لۆجستییەوە سنوردارە و بۆیە پێویستە هاوڵاتیان لە خۆیانەوە دەست پێبکەن و چاوەڕوانی ئەوە نەبین کە دو رۆژی دیکە چی رودەدات”.

پەیوەندیدار