کەشناسی هەرێم: لە یەک مەتر چوارگۆشەدا 52 لیتر باران باریوە

بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەو بارانە بە خوڕەی لە شاری هەولێر و دەوروبەری باری، لە ئەنجامی کاریگەریی تێکەڵبوونی دوو پاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای نێوەڕاست بووە. دەشڵێت، “لە یەک مەتر چوارگۆشەدا 52 لیتر باران باریوە.”

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رايگەیاند، کاریگەریی تێکەڵبوونی پاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای نێوەڕاست دەبێتە هۆی بارانبارینی پچڕ پچڕ و بەهێز.

رۆژی شەممە، لە شاری هەولێر و دەوروبەری، لەماوەی 50 خولەکدا بە گوتەی فازڵ ئیبراهیم، 52 ملیمەتر بارانباریوە، “یەک ملم واتە یەک لیتر ئاو لە یەک مەتر چوارگۆشەدا، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە لە یەک مەتر چوارگۆشەدا 52 لیتر باران باریوە.”

بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جۆرە هەورەی لافاوەکەی دروستکرد، پێی دەگوترێ (سیبی) کە هەورێکە پێشبینی ناکرێ و لە ناوچەی جیاجیا بە شێوەی پچڕپچڕ دادەبارێت.

لەبارەی پێشبینییەکانیشەوە فازڵ ئیبراهیم گوتی، “ئەمەی دروستبووە، ناجێگرییە نەک شەپۆلی بارانبارین، پێشبینی دەکرێ تاوەکو رۆژی سێشەممە ناجێگیری بەردەوامدەبێت و خێرایی با بگاتە 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.”

دوێنێ شەممە 30.10.2021 بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکیدا لەبارەی بارانبارینەوە ئاماژەی بەوە کردبوو، لە سەنتەری هەولێر 2.6 ملیمەتر باران باریوە، لە پیرمام 56.3، لە سلێمانی 7 و لە دهۆک دڵۆپ دڵۆپ باران باریوە.

بەپێی پێشبینیەکانی کەشوهەواش، کاریگەریی ئەو شەپۆلە باران بارینەى لە بەشێک لە ناوچە جیاجیاکاندا بارى، لاواز بووە. بەگشتى پێشبینیی باران تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە لە هەندێ کاتدا بۆ ئەمڕۆ و سبەى. ئاسمان زیاتر نیمچە هەور دەبێت.

پەیوەندیدار