پلاندانانى عێراق وادەی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوانی ئاشکرا کرد

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق رایده‌گه‌ینێت، سه‌رژمێری گشتی له‌ ته‌واوی پارێزگاكانی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردسنیشه‌وه‌، له‌ كۆتایی ساڵی داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدوزەهرە هەنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رۆژنامەی فەرمی سەباحی راگەیاند، ئامادەکارییەکان لە گرتنە بەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوانی عێراق بەردەوامن.
ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەکە لە لایەن وەزارەتی پلاندانان و دەزگای ناوەندی سەرژمێرییەوە بەڕێوەدەچێت و لەهەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و کەربەلا و بەسرە و ئەنبار قۆناغی ئەزموونکردن تەواو بووە و لە ئێستا لە دهۆک بەڕیوەدەچێت.
عەبدوزەهرە هەنداوی ئاماژەی بەوەشدا، ئامانج لە تاقیکردنەوەکە، ئاگاداربوونە لە ئامادەباشی هونەری و ئەلیکترۆنی، چونکە پێویستە تواناکانی وەزارەت بۆ دەستنیشانکردنی ئاڵنکارییەکان دیاری بکرێت کە روبەڕوویان دەبێتەوە لە پرۆسەی سەرژمێریکردنی دانیشتواندا.
لە بارەی وادەی ئەنجامدانی پرۆسەکە و ئەو بودجەیەی پێویستە بۆی تەرخان بکرێت، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کرد، وەزارەتی پلاندانان کار دەکات لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، هەربۆیە پێویستە دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بودجەی ٢٠٢٢ پەسەند کرد بودجەیەکی تایبەت بەم پرۆسەیە تەرخان بکرێت، چونکە ساڵی ٢٠٢١ بەهۆکاری تەرخاننکردنی بودجەوە پرۆسەکە بەڕێوەنەچوو.
باسی لەوەشکرد، وەزارەت داوای کردووە بڕی ١٢٠ ملیار دینار بۆ تەواوی پرۆسەکە لە بودجەی ٢٠٢٢ تەرخان بکرێت.
وتیشی، ئامادەکارییەکان پێویستی بە دابینکردنی ١٥٠ هەزار ئامێر و راهێنان و مەشقکردن بە ١٥٠ هەزار ژمێریار و توێژەری مەیدانی و رێکارە هونەرییەکان هەیە بۆ چارەسەرکردنی زانیارییەکان و داتاکانی سەرژمێرییەکە.

پەیوەندیدار