فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكان ئاشكرای كرد، لە كاتی هێرش كردنە سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سیستمی بەرگری C-RAM ی باڵیۆزخانەی ئەمریكا كاری نەكردووە و لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكەی دەكرێت.
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، لەكاتی هێرش كردنە سەر ماڵی مستەفا كازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، سیستمی “سی – رام”ی باڵیۆزخانەی ئەمریكا كاری نەكردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ لایەنی ئەمریكی و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە و شارەزایان لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكەی دەكرێت، پێویستە وەڵامیان بۆ ئەو بابەتە پێبێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كرایە سەر ماڵی مستەفا كازمی لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا، بەڵام هیچ زیانێكی بەرنەكەوت و ئەوەش لەلایەن چەندین كەسایەتی و لایەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە ئیدانە كرا