وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاند، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 6 ملیۆن هاوڵاتی عیراقی ڤاكسینیان وەرگرتووە، خواستیشیان ئەوەیە 70%ی هاوڵاتیان بكوتن.
هەیسەم عوبەیدی بەڕێوەبەری بەشی پاڵپشتی تەندروستی و ئەندامی راگەیاندنی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی عیراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی وتووە، بە هۆشدارییەوە چاودێری شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا دەكەن كە لە چەندین وڵات بڵاوبووەتەوە، تاوەكو ئێستا شەپۆلەكە نەگەیشتووەتە عیراق، بەڵام پارێزراو نین لێی.
وتوشیەتی، وەزارەتی تەندروستی رێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی سود لە كەمبوونەوەی ژمارەی توشبووان ببینرێت و رێگە لە دوبارە بەرزبوونەوەی بگرێت و ژمارەی ئەوانەی بارودۆخیان خراپە كەم ببێتەوە.
عوبەیدی هێمای بۆ ئەوەش كردووە، ژمارەی ئەو كەسانەی لە عیراق ڤاكسینیان وەرگرتووە گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 250 هەزار كەس، هەوڵی ئەوەش هەیە 70%ی هاوڵاتیان بكوترێن، واتا 20 بۆ 24 ملیۆن هاوڵاتی ڤاكسین وەربگرن.