بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر لە كەركوك كوژرا

لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەنێوان هێزەکانی پۆلیسی کەرکووک و بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان، بازرگانەکە دەکوژرێت و پۆلیسی پارێزگاکەش رایدەگەیێنێت، ئەو کەسە جیا لەوەی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان بووە، لەسەر چەندین تاوانی جیاجیا لای پۆلیس داواکراو بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە هێزەکانی پۆلیس ماوەیەکی زۆرە لە رێگەی بەشی هەوڵگریی و ئاسایشی نیشتمانییەوە چاودێریی گەورە بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکانیان دەکرد لە کەرکووک، ئەو کەسە جگە لەوەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان کردووە، هەروەها لەسەر چەند کەیسێکی کوشتن و تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان داوکراوبووە.

شەوی رابردوو هێزەکانی پۆلیسی کەرکووک، بە دیاریکراوی هێزەکانی مەشقپێکراوی سەر بە پۆلیس، لەنێو شاری کەرکووک بۆسەیان بۆ بازرگانەی ماددە هۆشبەرەکان داناوە بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن، بەڵام لە کاتی نزیکبوونەوەی، بازرگانەکە تەقە لە هێزە ئەمنییەکان دەکات و هێزە ئەمنییەکانیش وەڵامی دەدەنەوە و دەستبەجێ بازرگانەکە دەکوژن و لەنێو ئۆتۆمبێلەکەشی دەستبەسەر زیاتر لە نیو کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و چەند چەکێک و تەقەمەنیکدا دەگرن.

پۆلیسی کەرکووک راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت ئەو کەسە جگە لە ماددەی هۆشبەر لەسەر چەندین تاوانی جیاجیا داواکراو بووە، شەوی رابردوو بە بڕیاری دادوەر هەوڵی دەستگیرکردنیان داوە، بەڵام بەرەنگاری هێزەکانی پۆلیس بووەتەوە، ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە و بە ناچاری کوشتوویانە.

بەپێی ئەو راگەیێندراوەی پۆلیسی کەرکووک بێت، مانگ و نیوێک لەمەوبەر هەمان بازرگان، تەقەی لە مەفرەزەیەکی پۆلیس کردووە، کە بەهۆیەوە ئەفسەرێک و پۆلیسێک بە سەختی بریندار بوون

پەیوەندیدار