ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ هەریەک لەبیلاڕوسیاو پۆڵەندا تۆمەتباردەکات بەوەی “پێشێلکارییان بەرامبەر بەکۆچبەران‌ ئەنجامداوە

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ هەریەک لەبیلاڕوسیاو پۆڵەندا تۆمەتباردەکات بەوەی “پێشێلکاریی ترسناکی مافەکانی مرۆڤ” یان بەرامبەر بەکۆچبەران‌و داواکارانی مافی پەنابەریی لەسەر سنوری نێوان ئەو دوو وڵاتە ئەنجامداوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەکە کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، حکومەتی هەردوو وڵات پابەندن بەوەی ڕێگە لەڕوداوی نوێی گیانلەدەستدانی کۆچبەران بگرن، ئەویش لەڕێگای دەستەبەرکردنی گەیشتنی کۆمەکی مرۆیی بەو کەسانەی لەسەر سنورەکە گیریانخواردوە.

توێژەرانی ڕێکخراوەکە ئاماژەیان بەوەکردوە، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ 19 کەسدا کردوە، دەرکەوتوە کە بەشێکیان لەلایەن پاسەوانی سنوری پۆڵەنداوە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە.

ئەوەشهاتوە، ئەو ڕێگرییە لەکۆچبەران ئەو مافی پەنابەرییە پێشێلدەکات کە لەیاسای ئەوروپیدا دەقی لەسەردراوە، هەربۆیە هانی یەکێتییەکەیداوە هاوسۆزی لەبەرامبەر ئەو قوربانیانە پیشانبدات کە لەسەر سنوری بیلاڕوسیاو پۆڵەندا گیانلەدەستدەدەن‌و ئازار دەچێژن.

هیومان ڕایتس وۆچ دەشڵێت:”توندوتیژیی‌و مامەڵەی نامرۆڤانەو شکۆشکێنەرانە، هەروەک ئەنجامدانی فشار لەسەر کۆچبەران لەلایەن پاسەوانی سنوری بیلاڕوسییەوە بۆتە کارێکی باوو ڕۆتینی”.

وتوشیەتی:”هەندێکجار ئەو جۆرە مامەڵانە گەیشتونەتە ئاستی ئەشکەنجادان، ئەوەش وەک پێشێلکاریی بیلاڕوسیایە بەرامبەر بەیاسا نێودەوڵەتییەکان”.

لەوبارەیەوە لیدیا گال خانمە پسپۆڕی کاروباری ئەوروپاو ئاسیای ناوەند لەڕێکخراوەکە لەبەیاننامەیەکدا دەڵێت:”لەکاتێکدا بیلاڕوسیا بێ لەبەرچاوگرتنی ئاکامە مرۆییەکان ئەو قەیرانەی هەڵگیرساندوە، لەهەمانکاتدا پۆڵەنداش هاوبەشە لەو ئازارو ناڕەحەتییە زۆرەی لەناوچە سنورییەکان ڕودەدات”.

گاڵ هانی مینسک‌و وارشۆی داوە چیتر ئەمدیوەو ئەودیو بەکۆچبەران نەکەن‌و ڕێگە بەچاودێرانی سەربەخۆ، بەتایبەت ڕۆژنامەنوسان‌و چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ بدەن سەردانی ناوچە سنورییەکان بکەن کە ئێستا کۆتوبەندیان خستۆتە سەر.

ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس وۆچ مەزەندەی کردوە لەوەتەی ئەو قەیرانە کە لەهاوینەوە سەریهەڵداوە، لانیکەم 11 کۆچبەر لەهەردوو لایەنی سنور گیانیان لەدەستداوە.

پەیوەندیدار