هاوپەیمانی عەرەبیی لە پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنن کە راکان جبوری پارێزگاری ئێستای کەرکووک لەپۆستەکەیدا دەمێنێتەوە، هەروەک رەتیشیدەکەنەوە لەسەر ئەو بابەتە هیچ جۆرە دانوستانێک لەگەڵ لایەنی کوردی ئەنجام بدەن.
حاتەم تائی وتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی عەرەبیی لەکەرکووک لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە” لەم قۆناغە سەختەدا راکان جبووری پارێزگاریی کەرکووک لەپۆستەکەیدا دەمێنێتەوە، لەبەرئەوەی لەسەر هەردوو ئاستی ئەمنیی و ئیداریی پێویستی بە مانەوەی جبووری هەیە”.
تائی رەتیشیکردۆتەوە کە هیچ جۆرە دانوستانێکیان لەگەڵ لایەنی کوردی هەبێت بۆئەوەی لەبەرانبەر وەرگرتنی دەستکەوتی سیاسیی تردا ئاڵوگۆر بە پۆستی پارێزگار بکەن.
دوای ئەوەی راکان جبووری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی عێراق سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەئێستادا لایەنە کوردییەکان جارێکی تر بابەتی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستەیان وروژاندۆتەوە.
بەڵام سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لەماوەی رابردوودا ئەنجوومەنی سیاسیی و هاوپەیمانیی عەرەبی لەگەڵ لایەنە تورکمانییەکان ڕێککەوتوون بۆئەوەی لەدوای دەرچوونی راکان جبووری بۆ پەڕلەمانی عێراق، فەلاح چایچی قائیمقامی قەزای ناوەندیی کەرکووک کە سەر بە بەرەی تورکمانییە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت وەربگرێت.
پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، پارێزگاری کەرکووک و قائیمقامی ناوەندیی کەرکووک سەر بە پێکهاتەی کورد بوون، بەڵام دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ئەو پۆستانە لەدەستی کوردد نەمان، بەشێوەیەک راکان جبووری کە ئەوکات جێگری پارێزگار بوو، بە وەکالەت چووە شوێنی دکتۆر نەجمەددین کەریم، هەروەها فەلاح یایچی بە وەکالەت چووە شوێنی کامیل ساڵەیی