هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نووری مالیکی رایدەگەیەنێت کە چوارچێوەی هەماهەنگیی حکومەتی داهاتوو پێکدەهێنێت نەوەک رەوتی سەدر، ئاشکراشی کردووە کە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا چەند هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان رادەگەیەننن و کوتلەی گەورەی پەرلەمانیی پێکدەهێنن.
وائیل ڕیکابی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە” لەماوەی رۆژانی داهاتوودا پێکهێنانی هاوپەیمانی نوێ و پێکهاتەی سیاسیی نوێ لەپێناو درووستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بەدیاردەکەون، بەوشێوەیە حکومەتی داهاتوو لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە درووستدەکرێت و رەوتی سەدر بەرەو ئۆپۆزیسیۆن بوون دەڕوات”.
هەروەک، فیراس موسولماوی پەڕلەمانتاری سەر بە دەوڵەتی یاسا رۆژی شەممە رایگەیاندووە کە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا چوارچێوەی هەماهەنگیی لەپێناو درووستکردنی گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانیی دانوستان لەگەڵ سێ لایەنی سیاسیی دەکەن، کە دیارترینیان هاوپەیمانێتی عەزمی سەر بە خەمیس خەنجەرە.
موسولماوی جەختیشی کردۆتەوە کە لەماوەی رابردوودا لەسەر ئاستی تاک و لەسەر ئاستی کوتلەکانیش ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنیان درووستکردووە و بۆ گەیشتن بە گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانی هەنگاوی گەورەیان بڕیوە، لەناویاندا کوتلە کوردییەکان و کوتلەی عەزم و سەربەخۆکان.
بە وتەی پەڕلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا، چوارچێوەی هەماهەنگیی لەیەکتێگەیشتنیان لەگەڵ کوتلەی عەزمی سەر بە خەمیس خەنجەر هەیە و لەدوای تەواوبوونی تانەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ درووستکردنی هاوپەیمانێتیی دەست بە دانوستان دەکەن، بۆئەوەش لیژنەی دانوستانیان درووستکردووە.