شارەزایانی بەریتانی ھۆشداریی ئەوە دەدەن، ئەگەر رێککاری پێویست لە بەردەم گۆڕای ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ نەگیرێتەبەر ئەوا لەوانەیە (20) ھەزار تا (75) ھەزار کەس لەم وڵاتەدا بەھۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیان لەدەستبدەن.
زانایانی فێرگەی پزیشکی لەندەن رایانگەیاند کە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن کە بۆ یەکەمین جار لە ئەفەریقیا دەستنیشان کرا، لەوانەیە تا کۆتایی ئەم مانگە ببێتە گۆڕاوی باڵادەستی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.
زانایان لە چوارچێوەی ئەو ئامارانەی کە تائێستا بەدەستکەوتوون و بەپێی گرتنەبەری یان نەگرتنەبەری رێکاری پێویست و گیانلەدەستدان و پێشوازیکردنی نەخۆشی لە ماوەی نێوان (1ی کانوونی یەکەم تا 30ی نیسانی 2022)، پێشبینیان خستووەتەڕوو.
بەپێی پێشبینییەکان، لە ئەگەری نەگرتنەبەری رێککاری زیاتر و پێدانی ژەمە ڤاکسینی دژی ئۆمیکرۆن ئەوا لە باشترین سیناریۆدا، لەوانەیە پێشوازیی لە (175) ھەزار نەخۆش بکرێت و (24) ھەزار و (700) کەسیش گیانلەدەست بدەن.
ھاوکات لە ئەگەری نەگرتنەبەری ھیچ رێکارێکی پێویست و کاریگەری کەمی ژەمە ڤاکسینەکان، ئەوا لە خراپترین سیناریۆدا لەوانەیە پێشوازیی لە (492) ھەزار نەخۆش بکرێت و (74) ھەزار و (800) کەسیش بەم ھۆیەوە گیانلەدەست بدەن.
بەڵام لە ئەگەری گرتنەبەری رێککاری پێویست و سنوودارکردنی شوێنە داخراوەکان و داخستنی شوێنەکانی کاتبەسەربردن ئەوا پێشبینی دەکرێت پێشوازیی لە (120) ھەزار نەخۆش بکرێت و ژمارەی ئەوانەی گیان لەدەستدەدەن دابەزێت بۆ (17) ھەزار کەس.