یونیسێف: زیاتر له‌ 3 ملیۆن منداڵی عێراقی له‌ خوێندن بێبه‌شن

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رێكخراوی یونیسێفی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌هۆی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردوو له‌ عێراق، 3.2 ملیۆن منداڵی ئه‌و وڵاته‌، له‌ پرۆسه‌ی خوێندن بێبه‌شن.

له‌ هه‌مان كاتدا ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاریگه‌ری بۆ سه‌ر 11 ملیۆن قوتابی و خوێندكار له‌ عێراق هه‌بووه‌.

پێشتریش بانكی نێوده‌وڵه‌تی، هۆشداری له‌ دابه‌زینی ئاستی په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ عێراق داوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی هه‌فته‌ی رابردوو رایگه‌یاندبوو رێككه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ چین كردووه‌ و هه‌زار قوتابخانه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق درووست ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، عێراق پێویستی به‌ 27 هه‌زار قوتابخانه‌ هه‌یه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، له‌ هه‌موو عێراق، 15 هه‌زار قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییی هه‌یه‌، به‌ قوتابخانه‌ ئه‌هلی و حكومه‌ییه‌كانه‌وه‌، كه‌ تێیدا 11 ملیۆن قوتابی تێیدا ده‌خوێنن، به‌ڵام له‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی یونیسێف، هێشتا 3 ملیۆن منداڵی دیكه‌ له‌ خوێندن بێبه‌شن.

پەیوەندیدار