هیوای “ساڵێکی بێ ئاکپارتی” دەخوازم

هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” لە زیندانەوە پەیامی سەری ساڵی نوێی زایینی بڵاوکردەوە و هیوای “ساڵێکی بێ ئاکپارتی” خواست.

لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە پەیامێکی بەبۆنەی ساڵی نوێ بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی، “درێژە بە قسەکردن نادەم، ساڵێکی بێ ستەم، بێ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان، بێ تاڵانی و بێ ئاکپارتی دەخوازم.”

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەڵاحەددین دەمیرتاشـدا هاتووە، “بەبێ ستەم، قۆرخکاری کاڵا و ئاکپارتی، ساڵێکی باش دەبێت دەی کەواتە ساڵێکی باشتان بۆ دەخوازم.”

دەمیرتاش، لە کۆتایی تویتەکەیدا بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکیش پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی کردووە و نووسیویەتی، “سەرساڵا وە پیرۆز بە – سەرسەرێیێ شما بیمبارەک بۆ.”

هاوکات، باشاک دەمیرتاش، هاوژینی دەمیرتاش بە بۆنەی سەری ساڵی نوێوە سەردانی هاوژینەکەی کرد و وەک خۆی رایگەیاندووە، بۆ نیو کاژێر پێکەوەبوون و وێنەیەکی نوێیشی لەگەڵی بڵاوکردەوە.

باشاک دەمیرتاش لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، “هیوادارم ساڵی نوێ ببێتە ساڵێکی پڕ لە ئازادی و دادپەروەری بۆ هەموو کەسێک، سەڵاحەدین و هاوڕێکانی پێنج ساڵ و مانگێک و 27 رۆژە بارمتەی سیاسین و لە زینداندان، هیوادارم ئەمساڵ کۆتایی بە بارمتەبوونی سیاسییان بهێندرێت، ساڵێکی پڕ خۆشی و شادی بۆ هەمووان دەخوازم.”

باشاک دەمیرتاش لە کۆتایی تویتەکەیدا نووسیویەتی، “ئەم وێنەیەش بۆ یادگارییە، دوای دوو ساڵ توانیمان بۆ نیو کاژێر پێکەوە دیدارێکی کراوە ئەنجام بدەین.”

پەیوەندیدار