فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، کارنامەی یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە سبەی یەکشەممە 9ی مانگ بەڕێوەبچێت.
لە کارنامەکەدا هاتووە: “یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان بە مارشی کۆماریی عێراق دەستپێدەکات، دواتر چەند ئایەتێکی قورئان دەخوێندرێتەوە، پاشان سوورەتی فاتیحە بۆ رووحی شەهیدانی عێراق دەخوێندرێتەوە، ئینجا ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق گوتارێک پێشکەش دەکات بۆ بەخێرهاتنی ئەندامانی پەرلەمان و خوێندنەوەی ناوی ئامادەبووان، دواتر بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات”.
بەپێی کارنامەکە، سەرۆکی بەتەمەن داوا لە ئەندامانی پەرلەمان دەکات سوێندی یاسایی بخۆن، ئینجا سەرۆکی بەتەمەن بەبۆنەی دەستپێکردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان گوتارێک پێشکەش دەکات، لە کۆتاییشدا سەرۆکی بەتەمەن دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرەکەی دەکاتەوە.
دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق داوای لە خولی نوێی پەرلەمان کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 09-01-2021 کۆببێتەوە، بڕیارە خولی نوێی پەرلەمان لەو وادەدا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا نە کورد و نە شیعە و نە سوننە بە ئاشکرا بەربژێرانی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکوەزیران دەستنیشاننەکردووە.
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021، رەوتی سەدر بە 73 کورسییەوە بووەتە هێزی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە 31 کورسییەوە هێزی یەکەمی هەرێمی کوردستانە. کوردستان بەگشتی لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمان، زیاتر لە 60 کورسیی هەیە.