لە كۆتا مانگی ساڵی 2021دا بڕی هەناردەكردنی نەوتی عێراق و لەناویشیدا هەرێمی كوردستان بەڕێژەی 0.4% بەرزبووەتەوە.
كۆمپانیای سۆمۆ بڵاویكردووەتەوە، لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا ئاستی هەناردەكردنی نەوتی عیراق ڕۆژانە بەرزبووەتەوە بۆ 4.225 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێكدا و بەڕێژەی 0.4% بەرزبووەتەوە بەراورد بە مانگەكانی پێشوو كە ئاستی هەناردەكردن 4.208 ملیۆن بەرمیل بووە.
ئەوە لە لەكاتێكدایە كە بە پێی ڕێككەوتنی ئۆپیك پڵەس پشكی عێراق بۆ مانگی كانونی یەكەم زیادكرا بۆ 4.237 ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕۆژێكدا.
بەپێی دوایین كەمكردنەوەی مەرجەكانی سەر هەناردەكردنی نەوت لەلایەن هاوپەیمانیی ئۆپیك پڵەسەوە بۆ مانگی كانونی دووەم پشكی عێراق بەرزكراوەتەوە بۆ 4.293 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێكدا.
كۆمپانیایەكە ئاشكرای كردووە، كۆی هەناردەكردنی نەوتی عێراق و لەناویشیدا هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 گەیشتووەتە 1.1028 ملیار بەرمیل، ڕێژەی 70%ی نەوتی هەناردەكراوی عێراقیش بۆ وڵاتانی ئاسیا وەك هیندستان و چین ڕەوانەكراوە.