هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، پارتەکەیان ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەخت و بۆ ئەو مەبەستەش دەیانەوێت پڕۆژەیاسایەک پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش جگە لە ئیی پارتی، لەگەڵ پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن کۆبونەتەوە.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەلێدوانێکدا باسی لەوەشکرد، هەدەپە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنەکان تەنانەت ئەگەر لەماوەی مانگی داهاتوشدا ئەنجام بدرێت، هەروەها ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات چونکە “ئێمە کاتێک باسی بەڕێوەبردنی ئابوری وڵات دەکەین، بەدڵنیاییەوە باس لە کێشەی کوردیش دەکەین کە چارەسەر نەکراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دەبێت ئاک پارتی و هاوپەیمانەکانی بزانن چیرۆکی ئەوان لەماوەیەکی نزیکدا کۆتایی دێت، بۆیە لەئێستادا بۆ خۆ رزگارکردن هیچ رێگایەکیان نەماوە جگە لە هێرشکردنەسەر هەدەپە و دورخستنەوەی بەرپرسانی ئێمە لە شارەوانییەکان”.
بەپێی رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا تا حوزەیرانی 2023 هەڵبژاردن ناکرێت. هەرچەندە ئۆپۆزیسیۆن فشار بۆ ئەم مەبەستە دروستدەکات، بەڵام ئاکپارتی پێداگرە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.