تەرمی 12 كۆچەر لە نێوان سنوری توركیا و یۆنان دۆزرانەوە كە لەسەرما رەقبوونەتەوە، توركیا دەسەڵاتدارانی یۆنان بە گەڕانەوەی ئەو كۆچەرانە و هۆكاری ئەو كارەساتە تۆمەتبار دەكات.
تۆڕی BBC لە زاری دەسەڵاتدارانی توركیاوە بڵاویكردووەتەوە، سەرلەبەیانی رۆژی چواشەممە لەسەر سنورەكانی نێوان توركیا و یۆنان 3 تەرمیان دۆزیوەتەوە و دواتریش لە ئۆپەراسیۆنێكدا چەند تەرمێكی دیكە دۆزراونەتەوە، كە بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
دەسەڵاتدارانی توركیا وتوشیانە، تەرمەكان 12 كۆچەرن و دەسەڵاتدارانی یۆنان ئەو كۆچەرانەیان گەڕاندووەتەوە بۆ سەر سنوور، ئەوەش بووەتە هۆكاری مردنیان.
لای خۆشیەوە حكومەتی یۆنان بەتوندی ئەوە رەتدەكاتەوە و وەزیری كۆچی ئەو وڵاتە مردنی ئەو كۆچەرانەی بە “تراژیدی” ناوبردووە و وتویەتی، راستییەكان لەگەڵ پڕوپاگەندەكانی توركیا ناگونجێن و كۆچەرەكان نەگەیشتوونەتە سنوری یۆنان.