ئێستانیوز: بێستون لەتیف
جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا له وهڵامی وتهكانی جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگهیاند، ئامادهن بهشداری له ههوڵهكان بكهن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لە سوریا، بهڵام پێویسته ههمو سوریهكان بەشداری لە دیالۆگ و نوسینەوەی دەستوردا بکەن.
فەنەر ئەلغیت، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رایگهیاند، “پێویستە هەمو سوریەکان بەشداری لە چارەسەر و دیالۆگ و دامەزراندنی دەستوردا بکەن کە پێویستیی سورییەکان رون دەکاتەوە و ئایندەیەکی دادپەروەرانە و یەکسانیان بۆ دروست دەکات”.
ئهو وتانهی فەنەر ئەلغیت دوای ئهوه هات كه میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگهیاندبو، “پێویستە نوێنەرانی کورد بەشداری لە نوسینەوەی دەستوردا بکەن، ئەگەر باس لەگۆڕینی دەستور بکەین ئەوا دەبێت کوردیش بەشداری بکات، ئەوەش دەبێتە هۆی رێگریکردن لە تۆمەتی جیاکاری”.
فەنەر ئەلغیت ئهوهشی خستهڕو، “ئهو لێدوانەی بۆگدانۆڤ ئەرێنی و هاندەرە بۆیە جارێکی تر دەڵێین کە ئامادەین لە هەمو هەوڵەکاندا بەشداری بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و دیالۆگ، ئێمە دوپاتیدەکەینەوە کە رۆڵی روسیا لەم بوارەدا زۆر گرنگە رۆڵی وەک گەرەنتییەک دەبینین بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری لە سوریادا، جاریکی دیکەش دوپاتیدەکەینەوە کە ئێمە دژی یەکپارچەیی سوریا نین”.