ئێستانیوز: بێستون لەتیف
سەرۆکى پێشوى ئەمریکا لە کۆتا هەنگاوەکانییەتى بۆ راگەیاندنی یەکەم تۆڕى کۆمەڵایەتیی بەناوى (تروس سۆشیاڵ) و ئەم پلاتفۆرمەش کە ترەمپى سەرقاڵکردوە تەواو لەسەر هاوشێوەى تۆڕى کۆمەڵایەتیی تویتەر بنیات دەنرێت.
بۆ یەکەمجار و دواى ماوەیەکى زۆر ترەمپ لە تۆڕێکى کۆمەڵایەتیی دەرکەوتەوە، بەڵام ئەوەى ئەمجارە جیاوازە ئەوەیە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەى پەیامەکەى تیادا بڵاوکردوەتەوە هى خۆیەتى و وەک خۆى دەڵێت: لەم پلاتفۆرمە ئازادى هەیە و هەرکەس هەرچى بوێت دەینوسێت و لە یەکەم بڵاوکراوەیشیدا نوسیویەتى: ئامادەبن، بەمزوانە بە تایبەتترین سەرۆکەکەتان شاد دەبنەوە.
ئەم ئاپەى ترەمپ دروستیکردوە، بڕیارە لە 21ـى ئەم مانگە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ بەکارهێنەران بەردەست بێت و لە نیوەى ئەمساڵیشدا بە تەواوى خەڵک دەتوانن بەکارى بهێنن، بۆ بنیاتنانیشى یەک ملیار دۆلارى تێچوە و چەندین ستافیش کاریان بۆ کردوە، ترەمپ ئامانجەکەیشى بۆ وەستانەوە بەڕوى زەبەلاحەکانى تەکنەلۆژیا دەگەڕێنێتەوە.
بڕیارى دروستکردنى تۆڕێکى کۆمەڵایەتیی لەلایەن ترەمپەوە بۆ ساڵى رابردو دەگەڕێتەوە کاتێک لە کاتى بڵاوکردنەوەى ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردن ترەمپ لەڕێى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجامەکانى رەتدەکردەوە و لەرێى تویتەرەکەیەوە بەردەوام بڵاویدەکردەوە کە ساختەکارى ئەنجامدراوە و دواتریش دواى ئەنجامدانى هێرش بۆسەر بیناى کاپیتۆڵى ئەمریکا ترەمپ لەلایەن هەرسێ کۆمپانیاى تویتەر و فەیسبوک و یوتوب بان کرا و لە تەواوى سۆشیاڵ میدیاکانیان دورخستەوە، بۆ ئەوەش ترەمپ بریاریدا کە خۆى تۆڕێکى کۆمەڵایەتى بنیات بنیت و بەڵێنەکەیشى بردەسەر.
227 جار خوێندراوەتەوە