ئەو ژنەی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێنرا گیانی لەدەستدا

بێستون لەتیف : ئێستانیوز

ئەو ژنەى چەند رۆژێک پێش ئێستا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێنرا، گیانى لەدەستدا و بڕیارە لە شوێنى لەدایکبونى بەخاک بسپێردرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دواى پێنج رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە و سوتانى (85%)ى جەستەى، شنیار هونەر، ئەو ژنەى لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێنرا گیانى لەدەستدا.

روداوەکە بۆ درەنگانێکى شەوى هەینى لەسەر شەممە دەگەڕێتەوە، کاتێک دراوسێکان ماڵى شنیار لە گەڕەکى کوردساتى شارى سلێمانى لە هاوارى ئازار و جەستەى گڕگرتو و شنیار راچڵەکین.

کاتێک رۆژ دەبێتەوە، پۆلیسى سلێمانى لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌وی‌ رابردو بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ كوردسات ئاگاداركرایه‌وه‌ له‌بونی‌ روداوی‌ سوتانی‌ ژنێك، ده‌ستبه‌جێ مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ كوردسات گه‌یشتنه‌ شوێنی‌ ڕوداوه‌كه‌.

ئاماژەى بەوەشکردووە، دوای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ژنه‌كه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌، ده‌ركه‌وت كه‌ رێژه‌ی‌ سوتانی‌ جه‌سته‌ی‌ له‌سه‌دا (75)ـه‌. بەڵام بەپێى قسەى دایکى زیاتر لە (85%)ى جەستەى شنیارى کچى سوتاوە.

(24) کاتژمێر بەسەر روداوەکەدا تێنەپەڕى، پۆلیسى سلێمانى وێنەى کە لەپچەکراوى هاوسەرە (25) ساڵەکەى شنیارى تەمەن (21) ساڵى بڵاوکردەوە و ئاشکراى کرد کە لە سەر سنور دەستگیرکراوە.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، جەستەى سوتاوى شنیار ببرێتەوە شوێنى لەدایکبونى و لە گۆڕستانى نوێى سەیدسادق، بەخاک بسپێردرێت.

پەیوەندیدار