سەرۆكی ئۆكرانیا ناردنی شاند ڕەتدەكاتەوە
رووسیا رایگەیاند، شاندێک دەنێرنە بێلارووس بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکرانیا، بەڵام سەرۆکی ئۆکرانیا رەتیدەکاتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ رووسیا شاندی وڵاتەکەی بنێرێتە بێلارووس.
دیمیتری بیسکۆڤ، گوتەبێژ بەناوی کۆشکی کریملن رایگەیاند، شاندێک کە پێکهاتوون، لە نوێنەرانی سەرۆکایەتی و هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگری رووسیا، سەردانی بێلارووس دەکات، بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکرانیا.
لە بەرامبەردا ڤلادیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، رەتیکردەوە، شاندی وڵاتەکەی بنێرێتە بێلارووس و ئەو وڵاتەی بە بەشێک لە بەرەی رووسیا دەزانێت.
پێشتر زیلینسکی گوتبووی، هەریەک لە ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، هاوتا تورکییەکەی، چاودێری دانوستانەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دەکەن.
ماوەی چوار رۆژە رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکردووە، بەگوێرەی سەرچاوەکان ئەمڕۆ هێزەکانی رووسیا شاری خارکێڤیان کۆنترۆڵ کردووە.
بەرەبەیانی رۆژی 24/2/2022، ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکدا ئۆپەراسیۆنی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا راگەیاند.