کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند؛ لە رێگەی نووسینگەکانیانەوە چاودێریی چالاکیی پارتە سیاسییەکان دەکەن بۆ زانینی ئاستی پابەندبوونیان بە یاسای پارتە سیاسییەکانی عێراقەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆمیسیۆن لە رێگەی نووسینگەکانیەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، چاودێریی چالاکی پارتە سیاسییەکان دەکات لە کۆنگرەی ساڵانە و هەڵبژاردنی سەرۆک و سکرتێری گشتی پارتەکان، تاوەکو کۆڕبەند و بۆنەی دیکە و تیمەکانیان سەردانی مەیدانی ئەو بۆنانە دەکەن.
جومانە غەلای، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو چاودێر و سەردانکردنانە بۆ زانینی ئاستی پەیوەستبوونی پارتە سیاسییەکانە بە یاسایی پارتە سیاسییەکانی عێراق، کە لە ساڵی 2015 لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێرقەوە پەسندکراوە، ئەوە جگە لە پابەندبوونیان بەو رێنماییانەی کۆمیسیۆن بۆ پارتە سیاسییەکان دەریانکردووە.
یەکشەممە (6ی ئاداری 2022) لەبەیاننامەیەکدا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند؛ فەرمانگەی پارت و رێکخستنە سیاسی و جەماوەرییەکانی سەر بەو کۆمیسیۆنە، چاودێریی 267 پارتی سیاسیی دەکات، کە لەلای ئەوان تۆمار کراون.