نرخی نەوت دابەزی

نرخەکانی نەوت بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو زیاتر دابەزی، ئەمڕۆ شەممە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێن بە 104 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

دابەزینی نرخی نەوت پەیوەندیدارە بە لێدوانەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کاتێک بڕیاریدا لە ماوەی شەش مانگدا 180 ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆگە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بەکاربێنێت، هۆکاری ئەم هەنگاوەشی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنییە کە بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە بەرزبووەتەوە.

هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساس لە خوار 100 دۆلارە و ئێستا بە 99 دۆلار و 27 سەنتە. بەڵام رۆژی هەینی رابردوو نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 107 دۆلار و 50 سەنت بوو. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساس بە 99 دۆلار و 60 سەنت بوو.

بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بووەتە کێشەیەکی سیاسیی گەورە لە سەرانسەری جیهاندا، لەنێویاندا ئەمریکا. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا قەبارەی ئەو بڕە نەوتەی کە بڕیارە لە کۆگە ستراتیژییەکان دەربهێندرێت بە “بێوێنە” ناودەبات.

ئەوە لەکاتێکدایە تێكرای ئەو بڕەی بڕیارە دەربهێندرێت، کەمترە لە خواستی دوو رۆژی نەوت لە جیهاندا. ئێستا خواستی جیهان لەسەر نەوت 101 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا.

کۆگە ستراتیژییەکانی نەوتی ئەمریکا لەدوای قەیرانی وزەی ساڵانی 1970ـکان دروستکرا. بەپێی ئامارێکی 25ـی مانگی ئادار، 568 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە. لە ساڵی 2009ـدا کۆگەکە گەیشتە ترۆپکی ئاستی خۆی کە لەوکاتە 700 ملیۆن بەرمیلی تێدابوو.

پەیوەندیدار