ئــەمــریــكا : هێزەكانمان لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەمێننەوە

جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایدەگەیێنێت، هێزەکانی وڵاتەکەی درێژە بە مانەوەی خۆیان لە عێراق و سووریا دەدەن بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە هەوڵی هاوبەشەکانیان بۆ تێکشکاندنی یەکجاریی داعش.

دەینا ستراوڵ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پانێڵێکی ناوەندی وڵسن بەشداریی کردبوو ئاماژەی بەوەدا، ئەو دەسەڵاتەی بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دراوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ تێکشاندنی داعشە، ئامانجی هاوبەشەکانیشیان ئەوەیە لە عێراق و سووریا رێگری لە دووبارە دروستبوونەوەی داعش بکەن.

بە بڕوای جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لەنێوبردنی داعش ئامانجێکە کە “لە ماوەیەکی نزیکدا بەدەست نایێت.” گوتی، “بۆیەش ئێمەش بەردەوام دەبین لە جەختکردنەوە لەوەی کە لە هەموو سیاسەت و دۆکیۆمێنتی ستراتیجیدا پابەندی خۆمان بۆ هێشتنەوەی هێزەکانمان لە عێراق و سووریا نیشانبدەین.”

لەبارەی دۆخی ناوچەکەش، دەینا ستراوڵ رایگەیاند، “ئێران سەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها داعشیش هێشتا هەڕەشەیە لەسەر ناوچەکە.”

بە گوتەی ستراوڵ، هێزەکانی ئەمریکا کە بۆ شەڕی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریان، بەشێوەیەکی گشتی بە بەردەوامی لەژێر هەڕەشەی ئێران و هێزە پشتیوانلێکراوەکانی ئەو وڵاتەدان.

جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکا هیچ سزایەک لەسەر سووریا هەڵناگرێت و هیچ لێخۆشبوونێکیشی بۆ ئەو سزایانە نابێت، گوتی “ئەمریکا پشتیوانی لە بودنیادنانەوەی سووریا ناکات، تاوەکو پڕۆسەیێکی هەڵگەڕاوە نەبێت بە ئاراستەی چارەسەری سیاسی.”

ئەوە لەکاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، فرانک مکێنزی، فەرماندەی یەکەمی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، ئەو 2500 سەرباز و راوێژکارە سەربازییەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراقن لەوێ دەمێننەوە. گوتیشی کە چاوەڕێ دەکەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر سوپای ئەمریکا و هێزە عێراقییەکان زیادبکەن.

پەیوەندیدار