فازڵ نەبی: پێویستە وانەیەك لە فرۆشتنی نەوت وەربگرین

فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عیراق پێی وایە، فرۆشتنی غازی سروشتی هەرێم هەنگاوێكی زۆر باشە، بە مەرجێك وانەیەك لە گرێبەستەكانی فرۆشتنی نەوت وەربگیرێت.
فازڵ نەبی بە دەنگی ئەمریكای وتووە، پێش هەنگاونان بۆ هەناردەی غاز دەبێت حكومەتی هەرێم هەماهەنگی زۆرباشی هەبێت، یەكەم لەگەڵ یەكێتی چونكە واپێدەچێت زۆربەی ئەو غازە سروشتیەی كە دەردەهێنرێت لە زۆنی سەوزدا بێت.
رونیشیكردووەتەوە، دووەم دەبێت لەگەڵ عیراق رێكبكەوێت لەسەر مەسەلەی نەوت و غاز، چونكە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر نەوت و غاز كێشەیەكی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە، لەهەمانكاتدا هەوڵبدات ئێرانیش بەلای خۆی رابكێشێت.
بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عیراق جەختی لەوەش كردووەتەوە، راستە زۆر زەحمەتە بتوانرێت سێ نەیار رازی بكرێن كە ئەوانیش “توركیا و ئەمەریكا و ئێران”ن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت سیاسەتێكی نەرم بەكاربهێنن.
جەختییلەوەشكردەوە، ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی سیاسی له‌ هەردوو زۆنەکەی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت ئێستاش ده‌توانرێت مووچه‌ی خه‌ڵك بدرێت به‌بێ دواكه‌وتن و به‌بێ فرۆشتنی گازی سروشتی.
وتیشی، خه‌ڵك مافی خۆیه‌تی چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان كاتێك 450 هه‌زار به‌رمیل ڕۆژانه‌ ده‌فرۆشێت له‌وانه‌یه‌ نزیكه‌ی 80 هه‌زار به‌رمیلیش له‌ناوخۆش ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌فرۆشتن ئه‌ژمار ده‌كرێت چونكه‌ ده‌بێته‌ نه‌وت و به‌نزین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌ی خه‌ڵك له‌كاتی خۆیدا نادات و دواده‌كه‌وێت، ئابوری هه‌رێمی كوردستان له‌دۆخێكی پاشه‌كشه‌ی زۆر خراپدایه.

پەیوەندیدار