ئەمریكا ڕەخنە لە دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەگرێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ‏جیهاندا بڵاوکردەوە، ئەو بەشەی تایبەتە بە عێراق و هەرێمی كوردستان، دەستی لە ‏ڕەخنەگرتن لە دۆخی مافی مرۆڤ نەپاراستووە، زۆربەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، بە ‏پێشمەرگە و گروپە چەكدارەكانیشەوە، بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتباردەكات.‏

لەکاتی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ‏‏”پێویستە لەسەرمان سزا بەسەر هەر وڵاتێکدا بسەپێنین کە مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکات”. ‏

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەو پێشێلکارییانە کراوە کە وەك خۆیان نووسیویانە، لەلایەن حەشدی ‏شەعبی، هێزە ئەمنییە عێراقییەکان، پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام ‏دەدرێن، سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی پشتڕاستکراوە تۆمەتبار ‏دەکات. ‏

ڕاپۆرتە ئەمریكییەكە ناوی “هێزەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پۆلیس و هێزەکانی دیکەی ‏سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها هێزەکانی ئاسایش، دەزگا هەواڵگرییەکان و ‏ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان”ی هێناوە و دەڵێت، ‏بەشدارن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان”.‏

لەبارەی عێراقیشەوە، ڕاپۆرتەکە باس لە هێزە ئەمنییەکان و بەتایبەت حەشدی شەعبی ‏دەکات و دەڵێت، “ئەو هێزە بەشێکە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەروەها لە بودجەی ‏وەزارەتی بەرگریی پاڵپشتیدەکرێن، بەڵام زۆرینەی کارەکانیان لە دەرەوەی کۆنترۆڵ و ‏دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە”.‏

ڕاپۆرتە ئەمریكییەكە وا باسی حەشدی شەعبی كردووە، كە “بەشێکی زۆر لە یەکەکانی ‏ئەو هێزە لە ئێران و سوپای پاسدارانەوە فەرمان وەردەگرن، حەشدی شەعبی و هێزە ‏ئەمنییەکانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی پێشێلکاریی ڕوون و پشتڕاستکراوەیان ‏ئەنجامداوە”.‏

سەبارەت بە پێشێلکارییەکان باسی لەوەکردووە، عێراق پێشێلکاریی پشتڕاستکارەوەی ‏بەرامبەر خەڵکی سڤیل تێدا ئەنجامدەدرێت، لەوانە، کوشتنی نائاسایی، کوشتن لەدەرەوەی ‏یاسا لەلایەن دەزگا و هێزە حكومییەكانەوە.‏

ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دۆخی زیندانی لە سەرتاسەری عێراقدا بە ‏سەخت وەسفكردووە و دەڵێت، هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە، ئەوە جگە لەوەی باسی چەند ‏پێشێلكارییەكی دیكە دەكات، لەوانە، گرتن و چاودێریکردنی نایاسایی، دەستێوەردانی ‏نایاسایی لە کاری تایبەت، سزادانی ئەندامانی خێزانی تاوانبارەکان، بەسەربازکردن و ‏بەکارهێنانی نایاسایی منداڵان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، دانانی ڕێکار و مەرجی ‏مەترسیدار لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و میدیاکان، لەناویاندا توندوتیژی یان هەڕەشەکردن ‏لە ڕۆژنامەنووسان بە توندوتیژی، چاودێریکردن، مەرجی مەترسیدار بۆ ئازادیی ‏ئینتەرنێت و دەستێوەردانی مەترسیدار لە ئازادییەکانی کۆمەڵگا و ئاشتیی کۆمەڵایەتی. ‏

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بۆ پێشێلکارییەکان دژبە ‏ژنان و منداڵانی عێراق دەکات، بەجۆرێک لە عێراق خراپترین شێوازەکانی کارکردن بە ‏منداڵان هەیە. هەروەها توندوتیژی لەناو کامپەکانی ئاوارەکان و گەندەڵیی مەترسیدار و ‏نەبوونی لێپرسینەوە لە ئەنجامدانی توندوتیژیی بەرامبەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. ‏

ئەمە جگە لەوەی نەیشاردووەتەوە كە لە عێراق پێشێلکاری بەرامبەر پێکهاتە جیاوازەکان ‏دەکرێت، هەروەها بەرامبەر ئەوانەی هاوڕەگەزخوازن، یان ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە، ‏بەبێ ئەوەی ئەنجامدەرانیان ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.‏

پەیوەندیدار