وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەكاتەوە، هێزەكانیان بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی توركیایان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان كردبێت و جەخت لەوە دەكاتەوە، جوڵە بە هێزەكانیان نەكراوە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لەبارەی بەشداری و جوڵەپێكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دوای دەست پێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا لە ناوچە سنورییەكانی هەرێم، كۆمەڵێك میدیای نابەرپرس، خەریكی تۆمەت بەخشینەوەن بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تۆمەتباری دەكەن بەوەی هاوكار و بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنانە بووە.
رونیشكراوەتەوە، تەواوی ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە و رایدەگەیەنن، كە بەهیچ شێوەیەك هێزەكانی پێشمەرگە بەشداری ئۆپەراسیۆنەكانیان نەكردووە و جوڵەیان پێنەكراوە.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، وەك هەمیشە پێشمەرگە لەسەنگەرەكانی بەرگریدا چاوكراوەیە و رێگە نادات هیچ ناوچەیەكی ئاوەدانی تر بكەوێتە ژێر هەژموونی یەكلایی كردنەوەی كێشەكانی نێوان لایەنە ناكۆكەكان، چونكە ساڵانێكی زۆرە خەڵكی كوردستان باجی ململانێ ناوچەییەكان دەدەن و زیانی زۆریان بەركەوتووە، جەخت دەكەنەوە كە پێویستە رێز لەسەروەری خاكی هەرێمی كوردستان و عیراق بگیرێت.