قۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنی سەربازی “ئیرادەی پتەو” لە 5 پارێزگای عێراق بۆ راوەدونانی پاشماوەكانی رێكخراوی داعش دەستی پێكرد.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ قۆناغی دووەم ئۆپەراسیۆنی “ئیرادەی پتەو” لە پارێزگاكانی “ئەنبار، و نەینەوا سەڵاحەدین، دیالە و كەركوك” بۆ راوەدونانی پاشماوەكانی رێكخراوی داعش دەستی پێكردووە.
رونیشكراوەتەوە، لە ئۆپراسیۆنەكەدا سوپا و پاسەوانی سنور و بەرپەرچدانەوەی خێرا و حەشدی شەعبی بەشداری دەكەن، هەروەها لە رێگەی هێلیكۆپتەرەوە هێزی تایبەت دادەبەزێنرێن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی تایبەت و دانانی كەمین لە قوڵایی بیابانەكانی ئەنبار، سەرەڕای ئەوەش لەلایەن هێزی ئاسمانی سوپا و ئاژانسی هەواڵگرییەوە پاڵپشتی دەكرێت.
لای خۆشیەوە نوسینگەی راگەیاندنی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ شەممە مستەفا كازمی گەیشتەووەتە پارێزگای ئەنبار و سەرپەرشتی ئۆپراسیۆنەكە دەكات.