گواردیۆلا: ئەگەر بەرامبەر مێژووی ریال مەدرید یاری بکەین دەرکراوین
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، دووپاتیکردەوە کە پێویستە یاریزانەکانی دوو یاریی جیاواز بەرامبەر ریال مەدرید بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، گوتیشی “ئەگەر ئێمە بەرامبەر مێژووی ریال مەدرید یاریمان هەبێ هیچ دەرفەتێکی سەرکەوتنمان نییە”.
ئەمشەو کاتژمێر 10:00 یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەسەر یاریگەی ئیتحاد لە لەندەن دەبێتە میوانی مانچێستەر سیتی وەک یەکەم هەنگاو بەرەو یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا جەختی لەسەر زەحمەتیی ئەو رووبەڕووبوونەوەیە کردەوە و گوتی “زۆر جوانە کە ئێمە لە کۆتا قۆناخەکانی چامپیۆنزلیگدا لەگەڵ باشترین یانەکانی جیهان بەشداری دەکەین، ئێستا هەوڵدەدەین سروشت و شێوازی خۆمان بپارێزین و کاروانەکەمان بەشێوەیەکی باش کۆتاییپێبهێنین”.
ئینجا گوتیشی “پێویستە لەسەرمان دوو یاریی جیاواز ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی بگەینە یاریی کۆتایی، هیوادارم ئەوە بکەین، دوو یاریی باش و ئێمەش تیایاندا وەک خۆمان بین”.
پێپ لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی “پێویست ناکات باسی ئەوە بکەم کە ئێمە چەندە رێز لە ریال مەدرید و لە کواڵیتیی یاریزانەکانی دەگرین، ئەگەر ئێمە بەرامبەر مێژووی ریال مەدرید یاریمان هەبێ هیچ دەرفەتێکی سەرکەوتنمان نییە، بەڵام ئێمە بەرامبەر 11 یاریزان یاری دەکەین”.
راهێنەری یانە ئینگلیزییەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت بەرگرییەکی باش بکەن و زۆر پەسنی کەریم بنزیمای هێرشبەری ریال مەدریدیشی دا و گوتی “ئێمە بەشێوەیەکی باش بەرگری بکەین، بێگومان کەریم بنزیما هێرشبەرێکی زۆر باشە، زۆر گۆڵی بەرامبەر چێڵسی کردووە، نەک هەر چێڵسی، بەڵکو بە درێژایی کاروانی پیشەگەریی خۆی ئەو کارەی کردووە، ئێمە ئەوە دەزانین، بەڵێ بەرگرییەکی باش دەکەین ئەوکاتانەی پێویستە بەرگری بکەین”.
ئەنچیلۆتی: رووبەڕووی رکابەرێکی بەهێز دەبینەوە
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دانی بەوەدا نا کە رووبەڕووی رکابەرێکی بەهێز دەبنەوە و لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی، گوتی “”ئێمە نزیکین لە ئەنجامدانی یارییەکی دیکەی کۆتایی گرنگترین پاڵەوانێتی لە جیهاندا”.
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی “ئێمە نزیکین لە ئەنجامدانی یارییەکی دیکەی کۆتایی گرنگترین پاڵەوانێتی لە جیهاندا، بەڵام ترسیشمان هەیە، چونکە رووبەڕووی رکابەرێکی زۆر بەهێز دەبینەوە، بەڵام لە چامپیۆنزلیگدا لەسەر ئەوە راهاتووین”.
کارلیتۆ هەروەها گوتی “ئێمە لە قۆناخی 16 و لە قۆناخی هەشتدا رووبەڕووی دوو رکابەری بەهێز بووینەوە، کە هەردووکیان بەربژێر بوون بۆ نازناوەکە، ئێمە رووبەڕوویان بووینەوە یارییەکان لە بەرژەوەندی ئێمەدا کۆتاییهاتن، گومانم لەوە نییە کە ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانەکانمان”.
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی یانە ئیسپانییەکە، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی “دوو تیپ لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا یاری دەکەن کە کەس پێشبینی نەدەکرد بگەنە ئەم قۆناخە، ریال مەدرید و ڤیاریال”.
ئەو گوتیشی “هەریەک لە پاریس سانجێرمان، چێڵسی، لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی بەربژێربوون بۆ یاریکردن لە چوارگۆشەی زێڕیندا، بۆیە ئێمە دڵخۆشین کە ئێمە ئێستا رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکەین، ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە ریال مەدرید هەمیشە ئامادەیە بۆ رکابەریکردن، ئێمە ئەو کارە دەکەین، ئەمڕۆ و سبەی و هەفتەی داهاتووش”.