عێراق ھەناردەکردنی بەنزینی 690 دیناری بۆ ھەرێم ڕاگرتووە

حکومەتی عێراق ھەناردەکردنی بەنزینی 690 دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان راگرتووە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، “لە 1ـی مانگی ئایارەوە راگیراوە.”وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەهۆی دروستبونی کێشەیەکی تەکنیکی لە پاڵاوتگەکانی عێراق ناردنی بەنزینی عێراقی بۆ هەرێم راگیراوە.
بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند،”لەیەکەم رۆژی جەژنەوە، هاتنی بەنزینی عێراقی (690)دیناری راگیراوە، بەهۆی دروستبونی کێشەیەکی تەکنیکی لە پاڵاوتگەکانەوە، وەستاوە”.
رونیشیکردەوە،”کێشەکە تەنها سلێمانی نییە و شارەکانی دیکەشە، هەر کات کێشەکە چارەسەربو و دەستکرایەوە بە ناردنی ئێمەش لە بەنزینخانەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکەینەوە”.
جەختیشیکردەوە،” تائێستا هیچ بڕیارێک لە حکومەتی عێراقەوە نییە، بۆ راگرتنی ئەو بەنزینە بۆ هەرێمی کوردستان”.
لەکۆتایی ساڵی رابردوەوە،حکومەتی عێراق بڕیاریدا رۆژانە بڕی 540000 پێنج سەد و چل هەزار لیتر بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێم بنێرێت و دواتر بڕیاریدا بڕەکەی بۆ نزیکەی یەک ملیۆن لیتر بەرزبکاتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردودا بەهۆی زیادبونی خستنەڕوی بەنزینی بازرگانی نرخەکەی دابەزی بە شێوەیەک نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە 950 دینارەوە بۆ 900 دینار ، بەنزینی موحەسەن لە 1050 بۆ 1025 ، بەنزینی سۆپەر لە 1125 بۆ 1100 دابەزی.

پەیوەندیدار