لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەران: 900 كۆمپانیا مایەپووچ بوون

محەمەد عەتا جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە دوای سەرهەڵدانی داعشەوە پڕۆژەكانی پارێزگای سلێمانی وەستاون، 900 كۆمپانیا لە شارەكە مایەپووچ بوون و داخراون.
محەمەد عەتا بە دەنگی ئەمریكای وتووە، تاوەكو ئێستا هەزار و 280 كۆمپانیا تۆماركراوە، لەو رێژەیەش تەنها 5٪ی كۆمپانیاكان بیانین، لە ساڵی 2014ەوە تاوەكو ئێستا نزیكەی 900 كۆمپانیا لە پارێزگای سلێمانی كە رێژەی 70% دەكات مایەپووچ بوون و داخراون.
هێمای بۆ ئەوەشكردووە، لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە سەرجەم پڕۆژەكان وەستاون و لەوە بەدوا ناوی بەڵێندەر لە هیچ دامودەزگایەكدا نەما بۆ خەرجكردنی پارە.
جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی بەڵێندەرانی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەوانەیە جیاكاریی بكرێت لە نێوان سلێمانی و هەولێردا، چونكە پارەیەكی زۆر بۆ پڕۆژەكانی ئەوێ تەرخان دەكرێت، بەڵام شتێكی كەم بۆ پڕۆژەكانی سلێمانی دادەنرێت، تەنانەت لە نوسراوێكدا 360 ملیۆن دینار تەرخان كرا بۆ پڕۆژە تەواونەكراوەكان، بەڵام ئەوەش هەر نووسراو بو و دەنگی نەما.

پەیوەندیدار